بەتایبەتی سەردەمی شەڕ سەردەمی ئاژاوەگێڕانە، بۆیە شەڕ خۆی ئاژاوەگێڕییە کە کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیان و سروشت و پەرەسەندن و پرۆسەی سروشتییان هەیە.
لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا (دوای جەنگی جیهانی یەکەم) زلهێزە ئیمپریالیستەکانی ئەو سەردەمە (بەتایبەت بەریتانیا و فەرەنسا) بەپێی خواست و بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکی و ئابوورییەکانیان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان داڕشتەوە. دامەزراوەکانی وەک ڕێککەوتننامەی سایکس پیکۆ (١٩١٦)، پەیمانی سیڤرێس (١٩٢٠) و دواتر پەیمانی لۆزان (١٩٢٣) دەرئەنجامی ئەم کارە بوون.
لەو سەردەمەدا کورد وەک نەتەوەیەکی بەهێز و ڕێکخراو و یەکگرتوو بوونی نەبووە. بزووتنەوە کوردەکانی ئەو سەردەمە زۆرتر لۆکاڵی بوون و بە ڕادەی پێویست بەیەکەوە نەبەسترابوون. ئەمەش بەو مانایە بوو کە دەنگیان سنووردار بوو یان بە هیچ شێوەیەک لە دانوستانە گەورەکاندا نەبیسترا. دەرئەنجامەکەی دابەشبوونی کوردستان بوو بۆ چوار دەوڵەت، بەبێ داننان بە مافە نەتەوەییەکانی کورد.
ئەمڕۆ دۆخەکە زۆر جیاوازە: کورد لە هەر چوار پارچەدا زیاتر ڕێکخراوە: لە باشووری کوردستان حکومەتێکی فیدراڵی هەیە کە خاوەن ئەزموونی چەندین ساڵە، هێزی سەربازی (پێشمەرگە)، ئابووری و دیپلۆماسی تایبەت بە خۆی هەیە. لە ڕۆژئاواش ئەزموونی ساڵانێک لە ئۆتۆنۆمیدا هەیە. لە باکوری کوردستان بزووتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری بەهێز هەیە. هەروەها لە ڕۆژهەڵاتیش بزووتنەوەی چەکداری بەهێز هەیە و خەڵک زیاتر ڕێکخراوە.
پەیوەندی نێوان بەشەکان زیادی کردووە: لە سایەی تەکنەلۆجیا، سۆشیال میدیا، کۆچ و هەندێک کەناڵی سیاسی، کورد لە سەرانسەری کوردستان زیاتر خۆی وەک یەک نەتەوە دەبینێت.
سەرنجی جیهان: هێرشەکانی سەر کۆبانی (2014-2015)، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی 2017 لە باشوور، شەڕی داعش و دۆخی ئێستای سوریا و ئێران، کوردی وەک ئەکتەرێکی گرنگ خستۆتە بەرنامەی کارەوە. دەوڵەتە گەورەکان (ئەمریکا، ئەوروپا، ڕووسیا، ئیسرائیل لە هەندێک کاتدا) بە شێوەیەکی پراگماتیک لە کورد نزیک دەبنەوە. ئەم ڕێبازانە هەمیشە لە قاڵبدان بە بەرژەوەندییەکان، بەڵام بە مافە نەتەوەییەکانی کورد نا.
لە کۆتاییدا بەرژەوەندییەکان زاڵ دەبن. داگیرکەرانی کوردستان هەرگیز دان بە مافە ڕەواکانی کورد نادەن، بەڵام پێویستە ئەوە بزانرێت کە ئەگەر ئەو مافانە ببنە هەڕەشەیەکی ستراتیجی بۆ سەر بەرژەوەندیی زلهێزەکان، ئەوانیش لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان هەڵوێستیان دەبێت و نموونەی ئەو ڕاستییەش لە مێژوودا زۆرن. بۆ نموونە لەم دواییانەدا: ئەمریکا و ئەوروپا لە شەڕی داعشدا پاڵپشتی ڕۆژاڤایان کرد، چونکە داعش پێشتر بووبووە کێشە و هەڕەشەیەکی گەورە بۆیان. بەڵام کاتێک دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەر ڕۆژاڤا، دیار نەما.
لە سوریای دوای ئەسەد، ڕەنگە دانوستانی گەورە لەسەر کوردیش بکرێت (وەک ساڵی 1916).
تورکیا و ئێران هەرگیز قبووڵ ناکەن کە کورد پێگەیەکی فەرمی بەهێز بەدەست بهێنێت.
بۆیە: کورد دەبێ بە پێی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و یەکگرتووەکانی خۆی هەڵسوکەوت بکات.
ئەمەش بە واتای: پتەوکردنی یەکڕیزی ناوخۆیی (لە نێوان حزب و گروپەکان، و لە نێوان پارچەکان).
هەروەها پەرەپێدانی ستراتیژێکی نیشتمانی درێژخایەن و کاتی پێویستە، نەک تەنها کاردانەوەی ڕۆژانە.
بە بەکارهێنانی بەهێزترین کارتەکانیان:
دیمۆگرافی (کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە لە ناوچەکە)،
پێگەی جیۆستراتیژی (لە سەر ڕێگا و سنوورە گرنگەکانی وزە)،
پاڵپشتی نێودەوڵەتی دەتوانرێت بە چەندین ڕێگا بەدەست بهێنرێت، ئەمەش لە ڕێگەی پەیوەندی و دیپلۆماسی و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بەدەست بهێنرێت. لە هەمووی گرنگتر کورد تەنیا پشت بە یارمەتی دەرەکی نەبەستێت؛ پێویستە توانای ناوخۆیی خۆیان (ئابووری، پەروەردەیی، سەربازی، دیپلۆماسی) بەهێز بکەن.
لە کۆتاییدا دەڵێین مێژووی سەدەی بیستەم وانەیەکە: کاتێک کورد ئامادە نەبوو، دەرفەتەکان لەدەستچوون. ئه مڕۆ ده ڕفه ت هه یه ، به ڵام ته نیا ئه گه ڕ کورد به هۆشیارانه و به کۆی ده نگ و به ستراتیژێکی ڕوون هه ڵسوکه وت بکات، ده توانێت ئه نجامی باشتر به ده ست بهێنێت. نەک بەرژەوەندی دەسەڵاتە دەرەکییەکان یان ململانێی کاتی ناوخۆیی، بەڵکو بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد پێوەرێکی سەرەکی بێت.