باقرهان: کاتی ئەوە هاتووە لەبری قسە و لێدوان، هەنگاوی کرداری بنرێت

تونجەر باقرهان جەختی کردەوە کە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی، پێویستە هەنگاوی کرداری و یاسایی بەپەلە بهاوێژرێت.

هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرهان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لەسەر پرسی کورد و گفتوگۆکانی پرۆسەی ئاشتی، لێدوانی گرنگی دا و جەختی لە پێویستیی هەنگاوی پراکتیکی لە بواری یاساییدا کردەوە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان٢٤، تونجەر باقرهان ڕایگەیاند سەردەمی قسەی بێئاکام کۆتایی هاتووە و دەبێت دەستبەجێ کۆمیسیۆنی هەماهەنگیی چەکدانان و ستراتیژ دەستبەکار بێت تا متمانە بۆ پرۆسەکە بگەڕێتەوە.

باقرهان ئاماژەی بە ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد و داوای کرد هەلومەرجی لەباری کارکردنی بۆ فەراهەم بکرێت تا بتوانێت لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکاندا کۆببێتەوە و ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند کە پەرلەمانی تورکیا پێویستە کۆمیسیۆنی چاودێری پێکبهێنێت و یاساکانی پەیوەست بە چارەسەری ئاشتییانە پەسەند بکات.

وێنە: کوردستان٢٤