لە دەریای ڕەش لە نزیک شاری گەشتیاریی سۆچی لە ڕووسیا، درۆنە دەریاییەکانی ئۆکراینا ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦، لە کەشتییەکی بازرگانیی نەوتییان دا کە بە ئاڵای لیبێریاوە دەڕۆیشت. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، کەشتیی ئەفراماکس ڕیۆ نزیکەی ١٥ کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی سۆچی کەوتووەتە بەر هێرش و لە ئەنجامدا ئاگر لەسەر کەشتییەکە و ڕووی دەریاکە کەوتووەتەوە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی فەرمیی ڕووسیا تاس، وەزارەتی گواستنەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە ٢٣ کارمەند لەسەر کەشتییەکە بوون کە هەموویان هاووڵاتیی هیندستانن. تیمەکانی فریاکەوتنی دەریایی ڕووسیا هەموو کارمەندەکانیان بە سەلامەتی ڕزگار کردووە و هێناویاننەتە سەر وشکانی، هەروەها بەرپرسان ئاشکرایان کرد کە هیچ زیانێکی گیانی نەکەوتووەتەوە. شارەوانیی سۆچی و ئیدارەی سیریوس بۆ پاراستنی هاووڵاتییان کەناراوەکانیان داخست.
بەپێی ڕۆژنامەی ئۆکراینی کیێڤ ئیندیپێندێنت، کەشتیی ئەفراماکس ڕیۆ لە مانگی شوباتی ٢٠٢٦ خرابووە لیستی سزاکانی ئۆکرایناوە بەهۆی ئەوەی نەوتی ڕووسیای لە بەندەرەکانی دەریای ڕەش دەگواستەوە. سەرچاوە ئەمنییەکانی کیێڤ دووپاتی دەکەنەوە کە لێدانی ژێرخانی نەوتیی مۆسکۆ وەڵامێکی ڕەوایە لە بەرامبەر بۆردومانی تۆڕی کارەبای ئۆکراینا.
بەپێی کەناڵی بەریتانی بی بی سی، ئەم ئۆپەراسیۆنە دەریدەخات کە درۆنە ئۆکراینییەکان دەتوانن بگەنە دوورترین خاڵەکانی کەناراوی باشووری ڕووسیا.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانجی سەرەکی پچڕاندنی داهاتی نەوتی ڕووسیایە.
وێنە: ئامیدا کورد / هێمایی