وەزارەتی پێشمەرگە: هیچ سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی نەگەیشتووەتە دەستمان

وەزارەتی پێشمەرگە ئەو هەواڵانەی بە توندی ڕەتکردەوە کە باس لە گەیشتنی سیستەمی دژەئاسمانی بۆ هێزەکانیان دەکەن.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی فەرمی، ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بە توندی ڕەتکردەوە کە باس لە گەیشتنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن و ڕایگەیاند هیچ سیستەمێکی لەو شێوەیە نەگەیشتووەتە دەستیان.

بەپێی هەواڵی کوردستان٢٤، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هیچ لێدوانێکی فەرمی لەم بارەیەوە نەدراوە و ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە.

لە مانگەکانی ڕابردوودا بەهۆی هێرشە درۆنی و مووشەکییە بەردەوامەکان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، باسی دابینکردنی سیستەمی دژەئاسمانی لە چوارچێوەی یاسای بەرگریی ئەمریکادا گەرم بووبوو، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە هیچ سیستمێک نەگەیشتووە.

وەزارەتی پێشمەرگە جەختی کردەوە لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگری.

وێنە: کوردستان٢٤