پژاک: بەرەوپێشبردنی یەکێتیی دیموکراتیک تاقە ڕێگایە

پژاک ڕایگەیاند کە بۆ ڕاگرتنی جەنگی ناوچەکە، تاقە ڕێگە پەرەپێدانی خەبات و یەکێتیی دیموکراتیکی گەلی کوردە.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، بە بۆنەی بیست و هەشتەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی ٩ی ئۆکتۆبەر و پەرەسەندنە نوێکانی ناوچەکە، بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە بەرەی پێشەنگی خەباتی کورد و یەکێتیی دیموکراتیکی چوار پارچەی کوردستان گەرەنتیی ئاشتی و ئازادییە.

بەپێی هەواڵی هاوار نیوز، پژاک لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە شەڕێکی سیستماتیک بەسەر گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەپێنراوە و دەڵێت: "ئەمڕۆ جارێکی دیکە بەهۆی هەڵوێستی دژەدیموکراتیکی دەسەڵاتدارانی ناوچەیی و جیهانی، لەبری ئاشتی شەڕێکی وێرانکەر بەڕێوەدەچێت. ڕێگای کۆتاییهێنان بەم تاریکییە، پرۆسەی ئاشتی و ئازادیی گەلی کوردە."

پژاک سەبارەت بە دۆخی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت دەسەڵاتی تاران لەبەردەم دوو ڕێگادایە: بەردەوامیدان بە قەیران یان داننان بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکە. جەختیش دەکاتەوە کە بەبێ چارەسەری پرسی کورد، ئارامی لە ناوچەکە بەدی نایەت.

لە کۆتاییدا پژاک داوای لە هێزە دیموکراتیکەکان کرد لە بەرامبەر لەسێدارەدان و گوشارەکاندا یەکێتیی خۆیان بەهێزتر بکەن.

وێنە: ئامیدا کورد / هێمایی