پڕۆژەیاسای نوێی ڕێکخستنی دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق ناکۆکیی قووڵی لە نێوان چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە و سەرۆکایەتیی حکوومەتی بەغدا دروست کردووە؛ بەتایبەت سەبارەت بە پێکهاتە، پرسی درۆنەکان و ماوەی سەرۆکایەتیی دەستەکە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان٢٤، پڕۆژەیاساکە لە ئەنجومەنی وەزیراندا گفتوگۆی لەسەر کراوە. یەکێک لە خاڵە هەرە ناکۆکەکان ئەوەیە کە تەواوی لیواکانی حەشد پشکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان هەبێت تا چەک لە گرووپەکانەوە بخرێتە ژێر چاودێریی فەرمی.
خاڵێکی دیکەی سەرەکی، ماوەی سەرۆکی دەستەکەیە. لایەنە شیعەکان داوای پێنج ساڵ و نوێکردنەوە دەکەن، بەڵام سەرۆکایەتیی حکوومەت دەیەوێت تەنیا دوو ساڵ بێت بەبێ نوێکردنەوە بۆ کەمکردنەوەی دەستێوەردانی سیاسی.
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند دانوستانەکان بەردەوامن بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا. لایەنە سوننە و کوردییەکانیش داوای هاوسەنگیی دامەزراوەیی لە نێوان هەموو هێزە فیدراڵییەکاندا دەکەن.
وێنە: کوردستان٢٤